کوردستان پێش ھەڵبژاردنی عێراق سەربەخۆیی رادەگەیەنێ

 کوردستان پێش ھەڵبژاردنی عێراق سەربەخۆیی رادەگەیەنێ
دوای ریفراندۆم، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، تاوتوێی پرسی مانەوە یان کشانەوەیان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا دەکات.



بڕیار و ھەڵوێستەکانی ئەم دواییەی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لە دژایەتیی ریفراندۆم و پێشێلکردنی تەواوی دەستوور، گۆڕانکاریی گەورەی خستووەتە ڕای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، بەشێوەیەک پێشتر بۆچوونەکان وابوون کە کوردستان تا راگەیاندنی سەربەخۆیی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بمێنێتەوە و پرسی راگەیاندنی سەربەخۆییش ماوەیەک درێژە بکێشێت، تا رێککەوتن لەنێوان کوردستان و عێراقدا روو دەدات، تا ئاستی ئەوەی کوردستان بۆ جارێکی دیکەش بەشداری لە ھەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا بکاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، پێدانی ئەو دەرفەتە بە عێراق ھیچ ئەنجامێکی نابێت و ئەستەمە گۆڕانکاریی بەسەر عەقڵی حکوومڕانی عێراقدا روو بدات، لەبەرئەوە سەرکەوتنی دەنگی (بەڵێ)ی ریفراندۆم کشانەوەی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق یەکلا دەکاتەوە.



سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئەگەر دەنگی (بەڵێ) لە پڕۆسەکەدا سەرکەوتوو بێت ھەروەکو چاوەڕوان دەکرێت، ئەوا راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانیش سەقفێکی زەمەنی بۆ دیاری کراوە و وەکوو چاوەڕوان دەکرێت لە شەش مانگ تا نەورۆزی ٢٠١٨ رابگەیەنرێ، بەو پێیەش کە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق دەکەوێتە مانگی ٥ی ٢٠١٨ بەپێی دەستووری عێراق، ئەوە کوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنی عێراقدا ناکات.



مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵەکانی دەنگی (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ خەڵکی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا رای گەیاند، ئەگەری زۆر ھەیە تا نەورۆز سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەنرێت، گوتیشی: ”رۆژی ٢٥-٩ کە کوردستانیان دەنگ بە بەڵێ دەدەن، با حساب کەن رۆژی راگەیاندنی سەربەخۆییە، بەڵام ھەنگاوی دیکە دەبێت کاری بۆ بکرێت، قیادەی سیاسیی کوردستان دەبێت ھەمووی بەیەکەوە بڕیار بدات، کە تا نەورۆز سەربەخۆیی رادەگەیەنرێت، ئەگەر بۆمان بکرێت زووتریش رای دەگەیەنین“.



لەبارەی کشانەوەی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش، فەرھاد قادر، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، کوردستان لە ھەموو کەناڵەکانی خۆیەوە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق داناخات، گوتی: ”دوا بژارەی کوردستان ئەگەر بگەین بە بنبەست، ئەوە بێ گومان بڕیاری کشانەوە دەبێت لە پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق، بۆ ئەوەش ھەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکە و پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە پرس و راوێژ بە فراکسیۆنەکان و باشتر وایە لە پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری کشانەوەی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی بدرێت، بۆ ئەوەی ھیچ ھۆکارێک نەبێت جیاوازیی بخاتە بۆچوونەکانمانەوە لە بەغدا“.



ئەو پەرلەمانتارە راشی گەیاند، کوردستان تا بۆی بکرێت ھەوڵ دەدات لەگەڵ عێراق رێک بکەوێ، گوتی: ”لەو چەند رۆژەی رابردوودا سەبارەت بەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق لە دژی ریفراندۆم و پرسی دیکە داویەتی، ھەموومان یەکھەڵوێستین و بۆ ھەر ئەگەرێکی دیکە ھاوھەڵوێست دەبین، ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە تەواوی و بە راوێژکردنەوە بڕیار بدات“.



جەختی لەوەش کردەوە، ھەڵبژاردنی عێراق لە مانگی ٥ی ساڵی داھاتوودا دەبێت و لەماوەی ئەو شەش مانگەدا گۆڕانکاریی گەورەی سیاسی و خێرا ڕوو دەدەن، لەبەرئەوە پێشبینیکردن بۆ بەشداریی ئەمجارەی کوردستان لەو ھەڵبژاردنە زۆر زەحمەتە و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئاماژەکان زیاتر دەردەکەون.



لای خۆشیانەوە، د. عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند: ”ئەگەر لە ریفراندۆمدا دەنگی (بەڵێ) سەرکەوێت، کەوابێت خەڵکی کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی دا، لەو دۆخەشدا بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان پێویستە بۆ مانەوە یان کشانەوەی یەکجاریی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی لە بەغدا، چونکە پێشتریش کە کوردستان ھاتووەتە بەغدا، بە بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ھاتووە“.



ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ”ھەڵبژاردنی عێراق لە کاتی خۆیدا ناکرێت، دۆخی عێراق بە کەڵکی ھەڵبژاردن نایەت، ئێمەش دوای ریفراندۆم دەتوانین خۆمان بۆ پرسی کشانەوە لە بەغدا ئامادە بکەین و بڕیاری تیادا بدەین“.



سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، راشی گەیاند، کوردستان تاقەتی نەماوە لە عێراقدا بمێنێتەوە، گوتی: ”بوونی ئێمە لە ئێستای بەغدا پابەندبوونە بەو رێککەوتنەی لە ئاستی باڵای سیاسیدا کراوە، ئەگەر ئەو رێککەوتنە کۆتایی بێت، ئەوە ئێمەش لە بەغدا کۆتاییمان دێت“.



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە بەغدا ھیچ شتێک بۆ کوردستان نەماوەتەوە و بڕیارەکان ھەمووی دژی بەرژەوەندی و پێشێلی مافەکانی خەڵکی کوردستانە، لەبەرئەوە پێشبینی ئەوەیە دوای ریفراندۆم و سەرکەوتنی دەنگی (بەڵێ)، کوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بکشێتەوە، گوتیشی: ”دوای ریفراندۆم گفتوگۆی جدیی لەگەڵ عێراق لەسەر سنوور و ھەموو ئەو بابەتانەی کە وەکوو دوو دراوسێ ھەن دەست پێ دەکات“.



جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە بەغدا بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، ھەر بڕیارێک کۆمیتەی ریفراندۆم و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بیدات، ئەوان پابەندن پێوەی، گوتی ”بۆ کوردستان باشترە جارێ پەرلەمانتارەکانی لە بەغدا بن تا راگەیاندنی سەربەخۆیی، ئەوە بۆ پرسی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا باشترە“.



ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر عێراق بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان پەنا بۆ توندوتیژی بەرێت، ئەوا کشانەوەی ئەوان لە بەغدا خێراتر دەکات، گوتی: ”پێشبینی ناکرێت کوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنی عێراقدا بکات، تەنیا ئەگەر رێککەوتنێک لەنێوان ھەردوولا روو بدات کە کوردستان پابەند بە ھەڵبژاردنەکان بکاتەوە“.



لای خۆشیەوە، ئەحمەدی حاجی رەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەیان قسەیان کردووە و سەرپشکیان کردوون لەبارەی بڕیاردان بە مانەوە یان کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.








باسنيوز
Top