گەرمیان.. لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کۆبوونەوە
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستانڕاگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18/9/2017، بەرپرس و نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و شاری خانەقین، لەسەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە سنوورەکە و دەستپێکردنی بانگەشە بۆ دەنگی بەڵێ کۆبووینەوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستە روو: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارماندا ڕۆژی پێنج شەممە 21/9/2017 لەشاری کەلار، کەرنەڤاڵێکی گەورە و بەرفراوان بۆ پشتیوانیکردنی دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدەین و بۆ ئەو مەبەستەش 2 لێژنە لەسنووری گەرمیان و شاری خانەقین پێکھێنراوە".
ئاشکراشی کرد: "ھەر بڕیارێک پێچەوانەی ویست و ئیرادەی کورد و پرۆسەی ڕیفراندۆم لەپارێزگای دیالە درابێت، ئێمە پێوەی پابەند نابین و ھیچ حسابێکی بۆ ناکەین و سووردەبین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە لە سنوورەکەدا".
bas news-
