بارزانی بۆ وهزیری بهرگریی بەریتانیا: جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە
لهمیانهی كۆبوونهوهیهكی لهگهڵ وهزیری بهرگریی بەریتانیا و ژمارهیهك دیپلۆماتكار و راوێژكاری سهربازیی بەریتانیا، سهرۆكی ههرێمی كوردستان پێیان ڕادهگهیهنێ كه جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە.
ماڵپهری فهرمی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە ئێوارەی دووشهممه (18-9-2017 مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان له سهلاحهدین پێشوازی له مایکڵ فاڵن وەزیری بەرگریی بەریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە فڕانک بەیکەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ڕاوێژکاری سەربازی پێکهاتبوون.
له دیدارەکەدا کە کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرەتا وەزیری بەرگریی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان بەریتانیا و گەلی کوردستانی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر بەردەوامی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆسەی مەشق کردن بە هێزی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند ئەو هاوکارییە سەربازییانە بەردەوام دەبن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان داواکارن ڕیفراندۆم دوابخرێت و لەبەرانبەردا پڕۆسەیەکی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکرێت و پڕۆسەکەش بە ئەجێندای کراوە و لەژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێر هێنانی شاندی میوان، سوپاسی بەریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە و جەختیشی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.
سەبارەت بە داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم بارزانی کورتەیەکی لەسەر ئەو نەهامەتییانەی گەلی کوردستان لە عێراقدا بەسەری هاتووە بۆ شاندی میوان باس کرد و ڕایگەیاند کە ڕۆژی ٧ـی حوزەیران زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پاڵپشتیی گەلی کوردستان ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دەستنیشان کرد، بەڵام خودی بڕیاری ڕیفراندۆم لەو ڕۆژەدا نەدراوە بەڵکوو ئێمە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو چەندینجار بەغدامان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر لەسەر پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی شەراکەت و هاوسەنگی، بەردەوام بن ئێمە بۆ ڕای گەلەکەمان دەگەڕێینەوە.
بارزانی ڕاشیگەیاند: "ئێمە هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، لە لامەرکەزییەوە بگرە بۆ ئۆتۆنۆمی و تا دەگاتە فیدراڵی، هەموویمان تاقی کردەوە و شکستیان هێنا، جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە، دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین و باشترین پەیوەندیمان هەبێت.
هەروەها ڕاشیگەیاند: ڕیفراندۆم ئامرازێکە لە ئامرازەکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی، بە هەمان شێوە گفتوگۆیش ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام ئەو بەدیلانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو، گرێنتیی گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی و ئامادەیی بەغدا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی کوردستانی تێدا نەبووە. بۆیە داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم تەنها لەپێناو گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بەبێ ئەوەی بزاندرێ لەسەر چییە و چ گرێنتییەکی نێودەوڵەتی دەبێت، ڕیفراندۆم دوا ناخرێت".
بارزانی گوتیشی: "ئەگەر حکوومەتی عێراق ئامادەیی دەرببڕێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەیەکی زمەنیی دیاریکراودا و زەمانەتی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، ئەوکاتە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ دەبێتەوە و دوابڕیاری خۆی دەدات".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تەئکیدیان لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوانیان کردەوە.
bas news-
