کەسایەتییە ئایینییەکان؛ سەربەخۆیی مافی گەلە و هیچ ئایینێك دژی نییە..دەنگمان "بەڵێ"یە
لە ڕێكەوتی 7ی حوزەیرانی 2017دا نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و، بڕیاریان دا لە 25ی ئەیلوولدا ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.
(مەلا محەمەد خۆشناو)، مامۆستای ئایینی لە شاری هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''خودای گەورە لە هیچ شوێنێكی قورئانی پیرۆزدا نەیگوتووە، سەربەخۆبوونی گەل و نەتەوەكان كوفرە، یان گوناهە، جیا لەوەش لە چەندین شوێندا باس لە برایەتی و پێكەوەژیانی هەموو ئایین و نەتەوە جیاجیاكان دەكات. ئێمەی میللەتی كورد بە درێژایی میژووی سەد ساڵی ڕابردوو لە نەهامەتی و زوڵم و كوشتار زیاتر، هیچی دیمان لە عێراق نەدیوە.''
(مەلا محەمەد خۆشناو) جەختیشی كردەوە: ''هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی یەكێكە لە خەونە لەمێژینەكانی نەتەوەی كورد و ڕزگاربوون لە جەور و ستەم. داواكارم موسڵمانان ئەركی خۆیان بەجێ بێنن و بە ''بەڵێ''یەكانیان ڕیفراندۆم سەربخەن.''
(مەلا محەمەد خۆشناو) ئاماژەیشی دا: ''هەر كەسێكی بە نەخێر دەنگ بدات، یان نەچێتە دەنگدان ئەوا بە گوێرەی دەنگەكەی باری دواڕۆژی ئەم میللەتەی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەگەر بە دەنگەكەی زیانی لێ دابن. بۆیە باشترین بژاردە دەنگدانە بە سەربەخۆیی.''
(كەشە ستیوارت)، لە شاری زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئایین واتە برایەتی و پێكەوەژیان، لە هەموو ئایینە ئاسمانییەكاندا ئاماژە بەو برایەتی و پێكەوەژیان و یەكترویستنەی نەتەوە و ڕەنگ و ئایینەكان كراوە. لە ئینجیلی پیرۆزدا هیچ دەقێك نییە دژی سەربەخۆبوونی هیچ گەلێك بێت، بگرە لە چەندین شوێندا باس لە سەربەستی و بڕیاردنی ئازادانەی مرۆڤ دەكات.''
(كەشە ستیوارت) ڕوونیشی كردەوە: ''بە هۆی هەڕەشە و كوشت و كوشتارەوە، لە ساڵی 2003ەوە تا ئەمڕۆ چەندین ملیۆن هاووڵاتیی مەسیحی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە كۆچیان كردووە بۆ هەرێمی كوردستان، یان دەرەوەی وڵات، بەڕاستی مەسیحییەكان پێشینەیەكی تاڵیان هەیە، لەگەڵ عێراق. چونكە عێراق وڵاتی پێكەوەژیان نەبووە. لە بەرانبەردا لە هەرێمی كوردستان، ئێمە زۆر بە ئازادانە دەژین و تا ئەوپەڕی مافەكانمان بۆ دابین كراوە، هەرگیزیش نەمانبیست كە یەكێكمان لەسەر ئایینەكەی تووشی كێشە بووبێت. بۆیە ئێمەی مەسیحی داهاتوومان لەگەڵ هەرێمە و دەنگمان بە ''بەڵێ'' دەبێت بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان.''
(شێخ نایف شنگالی) كەسایەتیی ئایینی ئێزدییان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ئایینەكەی ئێمەدا ڕێگا بە هەڵبژاردنی ئازادانەی داهاتوو و ژیانی تاكەكان دراوە، هەرتاكێك ئازادە چۆن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات.''
(شێخ نایف شنگالی) ئاماژەیشی دا: ''لە سایەی سەری عێراق و برایەتییەكەی عێراقەوە 72 فەرمان بەسەر ئیزدییاندا هاتووە. كە دوایینیان هێرشە نامرۆڤانەكەی داعش بوو بۆ سەر ناوچە ئیزدینشینەكانی كوردستان و چی لە دەستیان هات، پێیان كردین. حكوومەتەكەی (سەدام حسێن)یش زۆری پێ كردین و كار گەیشتبووە ئەوەی کە لە ناسنامەدا بە عەرەب نوسرابووین. لە دوای 2003شەوە خزمەتێكی زۆر كەمیش بە شنگال و ناوچەكانی تر نەكراوە و زۆر بە جددی لە لایەن حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە پشتگوێ خراوین. بەڵام لە بەرانبەردا هەرێمی كوردستان بەردەوام باوەشی بۆ ئێمە واڵا كردووە، ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو، کە هەموو ناوچەكانی ئێزدییانی ڕزگار كردنەوە. بۆیە ئێمەی ئیزدی دەنگمان بە ''بەڵێ'' دەبێت لە 25ی ئەیلوولدا.''
kdp-
