هەردوو سەرۆكی توركیا و فەرەنسا پلانێكی هاوبەش لە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دادەڕێژن
ئەمڕۆ دووشەممە رۆژنامەی (هەبەر تورك) لە زاری دیبلۆماتكارانی وڵاتەكەی بڵاوی كردەوە كە سبەی سێشەممە ئەردۆگان بەنیازە لەگەڵ ماكرۆن بەوردی باسی ڕووبەڕووبوونەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكات و پلانێك بە سێ هەنگاو لەمبارەیەوە جێبەجێ بكەن.
رۆژنامەكە رایگەیاند رۆژی 22ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا هەڵوێستی ئەنقەرە بەرانبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنێت. بەڵام ئەردۆگان دەیەوێ پێشنیارێك بخاتە بەردەم پاریس، وەك هەنگاوی یەكەم تا بانگەوازێك بۆ كورد بكەن، بۆ دەستبەردان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلوول.
لە قۆناخی دووەمیشدا، ئەگەر كورد وەڵامیان نەبوو، ئەوا توركیا و فەرەنسا نێوبژیوانیەكی هەولێر و بەغدا دەكەن بۆ چارەسەری پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا.
دواین قۆناخیش ئەوەیە كە ئەگەر كورد وازی لە ریفراندۆم نەهێنا، ئەوا توركیا پێشنیار دەكات بۆ فەرەنسا، بە هاوبەشی چەند سزایەك بەسەر كوردستاندا بسەپێنن.
بڕیارە رۆژی 25ی ئەم مانگە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوەبچێت.
باسنيوز
