سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: هەر کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بێ گۆڕان بکرێت بەرهەمدارتر دەبێ
لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە کەمێک لەمەوبەر (دووشەممە 18/9/2017) ئەنجامی دا، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: ”بابەتی ڕیفراندۆم زۆر گرنگە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەنیا بۆ ئەو بابەتە کارا نەکراوەتەوە، ئەو دەزگا شەرعییە لە 15ی ئەیلوولەوە بە تەواوی کەوتووەتەوە سەر کاری خۆی. ئەمڕۆش ئەو گومانە ڕەوێندرایەوە کە دەیانگوت پەرلەمان کۆنابێتەوە، بەڵکوو بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام دەبن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لەگەڵ حکوومەت و لێژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا کۆدەبنەوە، ”تاوەکوو کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار لەبەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت“.
لەبارەی کاریگەریی بەشدارینەکردنی گۆڕان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، ئومێد خۆشناو ئەوەی نەشاردەوە کە: ”چوار ساڵی ڕابردووی پەرلەمان پێی گوتووین، هەر کۆبوونەوەیەک بەبێ گۆڕان بکرێت، زۆر بەرهەمدارترە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ڕەخنەی زۆر جددی تێدابوو، بەڵام لەبەرئەوەی یەکتر شکاندنی تێدا نەبوو، زۆر سەرکەوتووتر بوو“.
باسنيوز
