گوتەبێژی کۆمیسیۆن: دەنگدانی تایبەت و گشتی لە یەك ڕۆژدا بەڕێوە دەچن

 گوتەبێژی کۆمیسیۆن: دەنگدانی تایبەت و گشتی لە یەك ڕۆژدا بەڕێوە دەچن
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژرادن و ڕاپرسی ئاشكرای كرد كە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، لە پرۆسەی دەنگدانی ڕیفراندۆمدا دەنگدانی تایبەت و گشتی لە یەك ڕۆژدا بەڕێوە دەچن.



شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژرادن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ڕاگەیاند: "بەپێی نوێترین بڕیار، هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و بەندیخانە و نەخۆشخانەكان هاوكات لەگەڵ هاووڵاتیان، لە ڕۆژی (25/ 9 / 2017)دا بەڕێوە دەچێت بۆ ئەو مەبەستەش ناوی دەنگدەرانی تایبەت لە دەنگدەرانی گشتی هێندراوەتە دەر و گرفتمان بۆ دروست ناكات".



گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتیشی: "بۆ دەنگدانی كوردانی تاراوگە مەرجی فۆڕمی خۆراك لادراوە و بوونی ڕەگەزنامەی عێراقی كراوەتە مەرج".



ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێستا 90% ی پێدویستییەكانی هەڵبژاردن گەیشتووەتە كۆگاكان و ئامادەكاریی پێویست بۆ كردنەوەی هەردوو ئۆفیسی بنكەی ڕاپرسی لە كەركووك و قەزای شێخان تەواو بووە و ئامادەكاریش بۆ ڕاهێنانی كارمەندانی ڕۆژی ڕاپرسی هەنگاوی باشی بۆ نراوە".






باسنیوز
Top