پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: یەکێتی لە سلێمانی بانگشە بۆ ڕیفراندۆم ناکات
فارووق کەریم فەتاح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕاگەیاند: “نابینم یەکێتی بە فیعلی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم بکات لە سلێمانی، بەداخەوە دەبێت پارتی لەلایەن خۆیەوە ئەو هەڵمەتە فراوانتر بکات لە سلێمانی، لە کاتێکدا مەسعود بارزانی سەرۆکی هەموو کوردستانە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەهۆی ئەوەی ڕیفراندۆم “پرسێکی گرنگ و مێژووییە و پرسی گەلێکە”، نابێت بەخەم ساردی لێی بنواڕدرێت. گوتیشی: “سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانییە، 80 ساڵ پێش ئێستا سلێمانی حوکمی عێراقی ڕەت کردەوە، سەربەخۆیی کوردستانی ویست، ئێستاش خەڵکی ئەم شارە گەرم و گوڕە، بەڵام دەبێت حزبەکانیش وزە و توانایان بدەنێ".
بە بڕوای پەرلەمانتارەکەی پێشووی یەکێتی، ئێستا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتی بەغدا هیچ توانایەکی نییە بۆ ئەوەی شەراکەت قەبووڵ بکات، بۆ ئەمەش “گەلی کوردستان هەموو چەشنە تاقیکردنەوەیان لەگەل عێراق کرد، بەڵام سەری نەگرت".
پێشتر مەغدید سەپان، شارەزای بواری ڕاگەیاندن، ڕەخنەی ئەوەی لە کەناڵەکانی سەر بە یەکێتی گرتبوو کە لە کاتێکدا لە چەندان شار و وڵاتی جیاواز، کوردستانییان کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی بەڕێوە دەبەن، کەچی “ماسیی دەریاکان” نیشانی خەڵک دەدەن.
باسنیوز
