شارەزایەکی راگەیاندن: میدیاکانی یەکێتی خۆیان لە پرۆسەی سەربەخۆیی دەدزنەوە و دەترسن.
د. مەغدید سەپان، نووسەر، رۆژنامەنووس و مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانکۆی سەڵاحەدین لە پۆستێکدا لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، کە لەو کاتەی دەیان ھەزار کوردستانی لە ئەڵمانیا، سوید، بەریتانیا و ئوسترالیا دێنە سەرشەقام و پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنن، کەناڵە ئاسمانییەکانی یەکێتی ”ماسی لە ئۆقیانووسەکان پیشان دەدەن“.
مەغدید سەپان پێی وایە بەڕێوەبەرانی کەناڵە ئاسمانییەکانی یەکێتی ”بە شێوەیەکی زۆر جوان“ خۆیان لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەدزنەوە، لە کاتێکدا ئەو حزبە ”دەیان ھەزار شەھید“ی بۆ ئەم ئامانجە داوە و گەلی کوردستانیش بە ملیۆن شەھیدی بەخشیوە.
ئەو شارەزایەی راگەیاندن بە ئاماژەکردن بەوەی یەکێتی پشتگیریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەکات و جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی ئەو حزبەش ”ھەموو ژیانی خۆی“ بۆ سەربەخۆیی کوردستان تەرخان کرد، رایگەیاندووە، نیشاندانی بەرنامەی کەلەپوور و نەگواستنەوەی جۆش و خرۆشی خەڵکی لە ھەولێر، دھۆک و ئاکرێ، تووشی سەرسامبوونی کردووە.
ھەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ٧.٦.٢٠١٧ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت
باسنیوز
