پێشمەرگە لە کەرکووکەوە پەیامی سەربەخۆیی بە ناوچەکە دەدات
نەقیب (فەرمان عومەر)، ئەفسەری پێشمەرگە لە میحوەری مەکتەب خالیدی نزیک کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەیە بەرگری لە خاکی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکات، ھەروەک چۆن دەیان ساڵە لە بەرامبەر نەیاراندا سەنگەری گرێ داوە. ھەموو قوربانیدانێکیشمان بۆ ئەوە بووە بگەینە سەربەخۆیی، ئەگەر بێت و ھەروا بێدەوڵەت بمێنینەوە، خوێنی شەھیدانمان بەفیرۆ دەچێت و بەرھەمەکەی نابینین، چونکە بەرھەمی خوێنی شەھیدان تەنیا سەربەخۆیییە. ھەر ئەرک و فەرمانێک بە ھێزی پێشمەرگە بسپێردرێت ئامادەن گیانی خۆیان بکەنە قەڵغان بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و لە کەرکووکەوە سێ ساڵە لە شەڕی داعشداین و بە تامەزرۆیییەوە چاوەڕێی ئەوەین بەرھەمی سێ ساڵ خەبات و قوربانیدانی خۆمان لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوودا ببینین.''
ڕائید (سالار ماھیر)، ئەفسەری پێشمەرگە سەر بە لیوای یەکی پیادە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''من وەک ئەفسەرێکی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک پشتیوانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەکەم و لەو باوەڕەشدام ھەموو پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی دیکەش ھەمان بۆچوونی بەندەیان ھەیە، بەتایبەت زیاتر دڵمان بەوە خۆشە ڕیفڕاندۆم کەرکووک و ھەموو خاکی کوردستان بە سنووری ١٤٠یشەوە دەگرێتەوە، ئێستا زیاتر لە ھەموو کاتێک پێشمەرگە سەربڵندە، دوای چەندین ساڵ قوربانیدان خەریکە بەرھەمەکەی دەچنینەوە، لە کەرکووکی خۆڕاگرەوە پەیامی سەربەخۆیی دەگەیەنینە جیھان، خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە با ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و ئێمەش لە سەنگەرەکانەوە پارێزگارییان لێ دەکەین.''
KDP-
