سەعدی پیرە: بەرھەم ساڵح کاریگەرییەکی گەورە و قەبەی بەسەر یەکێتییەوە نابێت
سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەھەم ساڵح ماوەیەکی زۆر کادیری یەکێتیی نیشتمانی بووە، ھەروەھا لەو ماوەیەشدا کۆمەڵێک پۆستی جیاجیای وەرگرتووە کە تێدا پۆستی باڵاش ھەبووە، بەدڵنیاییەوە ئەو لیستەی کە دروستی کردووە کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانی دەبێت، ئەگەر ئێمە بڵێین ھیچ کاریگەری نییە، ئەوا قسەیەکی بێ مانایە".
گوتەبێژەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو کە بۆ ماوەی دوو ساڵە بەرھەم ساڵح، ھیچ جۆرە چالاکییەکی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی دا نەبووە، ھیچ کارێکی بۆ یەکێتی نەکردووە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەریکی خۆ کۆکردنەوە بووە بۆ دامەزراندنی ئەو لیستە، گوتیشی: "کاری سیاسی ئارەزوومەندانەیە و ھەر کەسێک ئازادە کە شانسی خۆی لە دەرەوەی یەکێتی تاقی دەکاتەوە".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پێی وایە ھەرچەندە لیستە نوێیەکەی بەرھەم ساڵح کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتی دروست دەکات، بەڵام بەو جۆرە گەورە و قەبە نابێت، چونکە ژینگەی ئەو لیست و ڕێکخراوانەی لە یەکێتی جیا دەبنەوە، لە پێگەیەکی جوگرافی دیاری کراو دەبێت، کە سلێمانییە، بۆیە بە پێشبینی من، ئەو لیستەکەی بەرھەم ساڵح ناتوانێت لە گۆڕەپانی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا جێگەی بزووتنەوەی گۆڕان بگرێتەوە.
بەرھەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ماوەیەکە کارەکانی لەنێو یەکێتیدا ھەڵپەساردووە و ڕۆژی شەممە 16/9/2017، چەند ڕاسپێردراوێکی بە مەبەستی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییە تازەکەی ڕەوانەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کرد. دواتریش کەریم بەحری، بە ناوی قەوارەکەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دوای پەسەندکردنی قەوارەکەیان، بەرھەم ساڵح پەیامێکی دەبێت.
باسنیوز
