سبەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە
محەمەد سەعدەدین، ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە 18/9/2017، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان کۆدەبێـتەوە کە ئامانج لێی، تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران و دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ”پەرلەمانتاران پێداگرن لەسەر ئەو بابەتە".
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمانی ڕوونیشی کردەوە، لەبەر ئەوەی ھەفتەیەک بۆ وادەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ماوە، نازانرێت ئایا تاوتوێ کردنی بابەتی مووچە و پرسی دارایی بەتەواوی دەبێت یان دەخرێتە دوای وادەی ڕیفراندۆم.
پێشتر عیزەت سابیر، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە کار بۆ ئەوە دەکەن لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن. داواشی لە حکوومەت کردبوو، سیستەمێکی نوێی مووچە بەبێ پاشەکەوت ئامادە بکات.
باسنیوز
