سەرۆكی لیستی برایەتی: دەبێ پێش ڕیفراندۆم بۆ پاراستنی ئارامیی كەركووك بەرنامەیەك دابنرێت
محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "دەبێ لە ئێستاوە ئامادەكاری و بەرنامەیەك بۆ پاراستنی ئارامیی كەركووك پێش ڕیفراندۆم دابنرێت، چونكە بەشێك لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئەوانەی كە عەرەبی كۆنە سەدامین و شۆڤێنین، دەیانەوێت ئارامی كەركووك تێك بدەن و ئاژاوە دروست بكەن، بۆیە دەبێت ڕێگرییان لێ بكرێت و نەهێڵدرێت كاری خراپ ئەنجام بدەن".
سەرۆكی لیستی برایەتی دشەڵێت: "نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە ئەو دەبێ دەزگاكان ئاراستە بكات بۆ ئەوەی ئارامیی شاری كەركووك ڕابگیرێت".
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو لە یەكێك لە بازگەكانی شاری كەركووك هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، دەستیان بەسەر ڕێژەیەكی زۆر چەكدا گرت كە چەكدارانی میلیشیای حەشدی شەعبی بەنیاز بوون بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنیی شارەكە بیبەنە ناو شاری كەركووكەوەو هاوکات هەر شەوی رابردوو لەلایەن تیرۆریستانەوە لە گەڕەکی عەدەنی ئەو شارە تەقینەوەیەکی خۆکوژی بە ئۆتۆمبێل ڕووی داکە بووە هۆی شەهیدبوونی سێ کەس و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
باسنیوز
