نەجمەدین کەریم: فیرقەی 12 تیرۆریستی دەنارد و پێشمەرگە ئاسایشی کەرکووکی بەرقەرار کرد
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە کەمێک لەمەوبەر لە شاری کەرکووک ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری لادانی لە پۆستەکەی لە سەدا سەد سیاسییە و پەرلەمانی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە نییە. ڕوونیشی کردەوە: ”ئەمڕۆ لە بەشی یاسایی پارێزگا، لەگەڵ ڕاوێژکار و سەرۆکی بەشی یاسایی گفتوگۆمان کرد، یاسا بە تەواوی لەگەڵ ئێمەیە و لەگەڵ بڕیارەکەی بەغدا نییە“.
هاوکات سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەربڕی کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو کارەی کردووە و نەیشاردەوە کە دەبووایە عەبادی سەیرێکی یاساکان بکات. گوتیشی: ”هەر دادگایەک سەیری ئەو کەیسە بکات، بڕیارەکە ڕەت دەکاتەوە، جگە لەوەی پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقیان کردووە. بەهیچ شێوەیەک پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە نییە“.
دووپاتیشی کردەوە: ”چەند ساڵە لە کەرکووک کار دەکەین و خەڵکی کارەکانمانیان هەڵسەنگاندووە، تائێستا شتێک لەسەر ئێمە نەبووە، خێرە دوای ئەوەی ئاڵای کوردستانمان هەڵکرد و بڕیاری ڕیفراندۆممان دا کە هەمووی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا کراوە، ئاوا بڕیار دەردەکەن؟ بۆیە دەزانین خەڵکی کەرکووک بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن چەند کەسێک لە بەغدا کۆببنەوە و لەسەر ئەم بابەتە ئەم هەڵوێستە بنوێنن“.
پارێزگاری کەرکووک باسی لەوە کرد کە هیچ کاتێک دۆخی ئەمنیی کەرکووک لە ساڵی 2003وە تاوەکوو 2014 بەرقەرار نەبووە، بەڵام پاش ئەوەی پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی شارەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بە دڵسۆزییەکی زۆرەوە دۆخی ئەمنیی ئەو شارەی ڕاگرتووە. گوتیشی: ”نەک وەک فیرقەی 12ی سوپای عێراق بکەن کە خۆیان چەکیان دەدا بە تیرۆریستان و لە بازگەکانەوە تێیاندەپەڕاندن تا ئاژاوە لە کەرکووک بکەوێتەوە“.
هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا نەجمەدین کەریم ئەوەی ئاشکرا کرد کە تەقینەوەکەی دوێنێی کەرکووک لە گەڕەکی (حەی عەدەن) بووە کە بەهۆیەوە کورد و عەرەب و تورکمان بوونەتە قوربانی. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ناوی کەسانێکمان هەیە کە ئەگەرێکی زۆرە دوێنێ بەو کارە هەڵساون. زانیاریی تەواویشمان هەیە کە لە کوێوە هاتوون“.
باسنيوز
