سلێمانی.. بۆ پشتگیری لە ڕیفراندۆم ئاڵای کوردستان و شیرینی بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش کرا
بۆ پشتیوانیکردن لە دەنگی (بەڵێ) لە پرسی رێفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، ئاڵای کوردستان و شیرینی بەسەر ھاووڵاتییانی شاری سلیمانی دابەش کرا.
ناسک سەعید، بەرپرسی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانیی و یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند: "بۆ پشتگیریکردن لە دەنگی (بەڵێ) بۆ سەرخستنی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، بەپێویستمان زانی ئاڵای کوردستان و شیرینی بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکەین".
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئافرەتان، ئەوەشی خستە روو شاری سلێمانی، دەستپێکی شۆڕش و قوربانیدانە، دەبێت لەم پرسە نیشتمانییەدا ھەر پێشەنگ بێت، بۆئەوەی لە سەربەخۆیی کوردستاندا ڕۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت".
ئاشکراشی کرد کە شیرینی ئاماژەیە بۆ خۆشەویستی و دروستکردنی ئاشتەوایی، ھەر لەبەرئەوەش بوو، ئێمە لە ریگەی ئەو چالاکییەوە ھەوڵماندا خۆشەویستی و ئینتیمای نیشتمانی پتەوتر بکەین، چونکە لەسەر شیرینەکان نوسراوە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
گوتیشی: "وەک چینی ئافرەتان ھیواخوازین لەچوارچێوەی دەوڵەتی کوردستاندا مافی ئافرەتان زیاتر بەرجەستە بکریت و یەکسانی جیندەری بناغەی ھەموو کارەکان بێت، ھەر لەم سۆنگەوە ئێمە لە ئێستاوە دەمانەوێت بەشدارییەکی کارامان لەو پرسە نیشتمانییەدا ھەبیت و پڕۆژەی خۆمان ئامادە بکەین".
bas news-
