قۆناغی بە ئەلکتڕۆنیکردنی قوتابخانەکان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

قۆناغی بە ئەلکتڕۆنیکردنی قوتابخانەکان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
بەرپرسێکی پەروەردەی گشتیی سلێمانی ئاشکرای کرد، کە قۆناغی بە ئەلکتڕۆنیکردنی قوتابخانەکان، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەھۆیەوە کار ئاسانییەکی زۆر لە بواری ئاماری گشتیی پەروەردەدا دەکرێت.



خۆگر خالید، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ڕاگەیاند: "ئەو پلانەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ھاوکاری رێکخراوی (Unicef) جێبەجێی دەکات کە لەئێستا دەستمان کردووە بە کارکردن لە قۆناغی یەکەمدا کە بەستنەوەی 44 قوتابخانەی سنووری شاری سلێمانییە بە وەزارەتی پەروەردە بە شێوەی ئەلکتڕۆنی".



دەربارەی ناوەڕۆکی کاری پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان، ئاشکرای کرد کە پڕۆژەکە داتابەیسێکە ئاماری قوتابی، مامۆستا، پێداویستیی قوتابخانە و میلاکی قوتابخانەکەی تێدایە و قوتابخانەکە دەتوانێت لای خۆیەوە گۆڕانکاری، گواستنەوە و زیادبوونی مامۆستا و قوتابی و بوارەکانی دیکەی تێدا بکات، بەوەش ڕاستەوخۆ وەزارەتی پەروەردە ئاگادار دەبێت و گرانی پڕۆسەکە نامێنیـَت کە پێشووتر کات و خەرجی و ڕۆتینێکی زۆری دەویست، دەبێتە پاڵپشتێکی باش لە جێبەجێکردنی بەرنامەو چارەسەرکردنی بوارە سەرەکیەکانی پەروەردە.



ئەوەشی خستە روو کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە ڕاھێنان بە مامۆستایان دەکرێت و لە ھەر قوتابخانەیەکدا مامۆستایەک بۆ ئەو بابەتە تەرخان دەکرێت.
bas news-
Top