لە دەڤەری ڕاپەڕین بانگەشەی ڕێفراندۆم گەرم بووە

 	 لە دەڤەری ڕاپەڕین بانگەشەی ڕێفراندۆم گەرم بووە
لە سنووری دەڤەری ڕاپەڕین هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆم گەرموگۆڕە و هاووڵاتییان بە ئۆمێدەوە چاوەڕوانی 25/9 دەكەن، بۆ ئەوەی دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.

(نەجات حەسەن)، بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری ڕاپەڕین بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''ئێمەش وەكو هەموو شوێنەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان دەستمان بە بانگەشەی پڕوپاگەندە بۆ پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان كردووە، كۆمەڵێك بەرنامەمان هەیە، لە 11ی ئەیلوولەوە دەستمان بەو هەڵمەتە كردووە، تا ئێستاش ئەو هەڵمەتە بەردەوامە، ئەویش لە ڕێگەی ئاهەنگ و كۆڕ و سیمینارەوە كراوە، لە ڕۆژانی داهاتووشدا ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت.''

بەرپرسی لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری ڕاپەڕین ڕوونیشی كردەوە: ''خەڵكی سنووری ڕاپەڕین بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە بانگەشەی ڕیفراندۆمدا دەكەن و پاڵشتیی خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە دەردەبڕن، بانگەشەی ئێمەش هەمووی لەژێر ڕێنماییی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمدا بەڕێوە دەچێت. بانگەشەی حزبی قەدەغەیە و هەمووی كراوە بە بانگەشەی نەتەوەیی و لەژێر ئاڵای كوردستاندا بانگەشە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان دەكەین.''

(نەجات حەسەن) ئاماژەی بەوەش دا: ''لە دەڤەری ڕاپەڕین جۆش و خرۆشێكی باش لە ناو خەڵكدا دەبینم، بەرەبەرە ئەو نیگەرانی و دڵڕاوكێیەی كە پێشتر خەڵكەكە بوویان، نامێنێت و، تا دێت بەرەی خەڵك پشتگیری لەو پرۆسەیە دەكەن و بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.''
kdp-
Top