کاسبکاران؛ کاسبیمان بۆ بژێوی ژیانە و بەڵێیشمان بۆ سەربەخۆیی و بۆ ئازادیی ژیانە

 	 کاسبکاران؛ کاسبیمان بۆ بژێوی ژیانە و بەڵێیشمان بۆ سەربەخۆیی و بۆ ئازادیی ژیانە
كاسبكاران دەڵێن، دەوڵەت و سەربەخۆیی، خوشگوزەرانیی باشتر گرەنتی دەکات، بۆیە ئەوان، وەک هێزی کار بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ڕۆژی دەنگدان بۆ سەربەخۆییی کوردستانن.


كاسبارێکی سۆران چیرۆکی کارکردنی خۆی باس دەکات، کە تەمەنی ٧٥ ساڵە و لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لە کاردایە، ئاواتەخوازیشە ڕۆژێک کوردستان ببێتە دەوڵەت. ئەو کاسبکارە ناوی (محیەددین عەلی)یە و لە سۆران دووکاندارە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''کاسبی بۆ بژێوی ژیانە و دەوڵەتیش بۆ ئازادیی ژیانە. بۆیە دەڵێت بەڵێ بۆ سەربەخۆییی کوردستان و داوایشی لە خەڵکی کوردستانە ڕوو لە سندووقی دەنگدان بکەن و سەربەخۆیی هەڵبژێرن.''


(كەریم شێرزاد)، كە دووكانی كەلوپەلی خواردنی لە ناو بازاڕی سۆران هەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ خۆش دەبێت و خەڵك هەست بە ئاسوودەیی دەكەن، ئەگەر سەربەخۆ بین، ژیانمان خۆشتر دەبێت، بۆیە داوا لە سەرۆكی كوردستان دەكەم ڕیفراندۆم دوا نەخەن و لە كاتی خۆیدا ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەی لە دەستی دوژمنان ڕزگار بین.''

کاسبکارێکی دیکە بە ناوی ( ڕێبوار شەعبان)، کە لەسەر عارەبانەکەی سەوزە و میوە لە بازاڕی سۆران دەفرۆشێت، دەڵێت: ''رۆژەکانم ژماردووە تا بگەمە ڕۆژی دەنگدان و سەربەخۆیی هەڵبژێرم، چونکە سەربەخۆیی دەبێتە هۆی گرەنتیبوونی تەواوی بازاڕ و ژیانمان ئاسوودە دەکات و بە ئازادی دەژین.''


(جیهاد لوقمان)، دانیشتووی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كر: '' بەڵێ بۆ ئازادیی گەلی كورد و كوردستان، بەڵێ بۆ ڕێبازی باوك و باپیرانم، هەرگیز درێخی ناكەم لە ڕێبازی كوردایەتی، دەنگدان بە نەخێر خیانەتكردنە لە خوێنی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازیی كوردستان.''

(زكری محەمەد)، كاسبكارێكی دیكەیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باشتر دەنگ بە سەربەخۆییی كوردستان دەدەم، داواش لە هەموو كاسبكاران دەكەم بۆ ئەوەی ژیانیان باشتر بێت و لە خوشگوزەرانیدا بژین لە ڕۆژی ٢٥/ ٩دا بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''

(زكری محەمەد) ئەوەیشی گوت: ''دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان، دەنگدانە بە كیماباران و ئەنفال و چەوساندنەوە.''
kdp-
Top