سیرینی: سبەی سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرانی کەرکووک کۆ دەبنەوە
(سیروان سیرینی)، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانیەکان دیسان کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کرد و بەو ھۆیەوە نیسابی یاسایییان پێ تەواو نەکرا. ئێمەش پێکەوە لە ھۆڵێکی نێو پەرلەمان کۆدەنگیمان ھەبوو، سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد پێکەوە بڕیاریمان دا، ھەتا سەرۆکی پەرلەمان نەیەتە لامان و مەرجەکانی ئێمە قبووڵ نەکات، لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراقدا بەشدار نابین. دواتر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خۆی سەردانی پەرلەمانتارانی کوردی کرد و بڕیارە دانوستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکرێت.''
لەبارەی ھەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، (سیروان سیرینی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بڕیارە سبەی، یەکشەممە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی کەرکووک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆ ببنەوە و تێدا مەرجی ئێمە قبووڵ بکرێت، کە نابێت لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا ھیچ پڕۆژەیەک لە پەرلەمان بخرێتە ڕوو، کە پەیوەندیی بە کەرکووک و ھەرێمی کوردستانەوە هەبێت، ئەگەر ئەو مەرجەی ئێمە جێبەجێ کرا، بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەین و بەپێچەوانەوە بەشدار نابین.''
ئەمڕۆ بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: ''ژمارەیەک ئیمزا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ کراونەتەوە و پەرلەمان دەیەوێت بە بڕیارێک ئەنجومەنەکە ھەڵبوەشێنێتەوە.''
(ئەحمەد عەسکەری)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕێکارەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک تەواو پێچەوانەی یاسایە و ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەگۆڕێت، یان ھەڵیدەوەشێنتەوە، تەنیا ھەڵبژاردنە و ئەگەر ھەنگاوێکی وەھا بنێرێت، ئەوە دەبێتە کۆدەتا بەسەر یاسا و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا. لەبەر ئەوە بە ھیچ شێوەیەک وەک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناچینە ژێر باری بڕیارێکی وەھا و بە توندی ڕەتی دەکەینەوە.''
(عەسکەری) دەربارەی ئەو ھەنگاوەی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا کەرکووک ھەڕەشەی کرد و گوتی: ''ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵبژێردراوی خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکە و سبەی یەکشەممە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە و ھەڵوێستی فەرمیی خۆی دەربارەی پیلانگێڕیی سەر ئەنجومەنەکە ڕادەگەیەنێت، چونکە ئەنجومەن لە لایەن پەرلەمانەوە ھەڵنەبژێردراوە، تا لە لایەن ئەوانەوە ھەڵبوەشێندرێتەوە و دڵنیا بن پیلانی کۆدەتاچییەکانی بەغدا سەرناگرێت.''
kdp-
