بارزانی: بەغدا شەراکەتی قەبوڵ نییە و ئێمەش خزمەتکاری قەبوڵ ناکەین
ئەمڕۆ شەممە 16/9/2017 لە کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی پشتگیری کوردستان لە شاری دھۆک، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گوتارێک پێشەش دەکات.
بارزانی لە گوتارەکەیدا، رای گەیاند: "نازانم چۆن تەعبیر لە خۆشحالی خۆم بکەم کە ئێوە دەبینم، گردبوونەکەتان وا بڕیار دەدات کە پێویست بە ریفراندۆم ناکات و ئێوە دەڵێن بەڵێ، بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێ پایان پێشکەش بکەم، کە ئێوە مرۆڤدۆستیتان تێدایە، ئێوە سەری ئێمەتان بڵند کرد".
بارزانی راشی گەیاند: "بڕیاری 7ی حوزەیران، بڕیاری گەلی کوردستان، نەک بڕیاری کەسێک، بڕیارەکە بۆ ئێوە کە بڵێن بەڵێ، بەڵێیەک بۆ سەبەخۆیی کوردستان".
ئەوەشی خستە روو: "ئێمە بۆ ئەو بڕیارەمان دا؟، ئەگەر ئیلتیزام بە دەستوور کرابوایە، ئەو بڕیارەمان نەدەدا، بەڵام دەستووریان پێشێل کرد و خستیانە ژێرپێ، ئێمە گوتمان عەقلیەتی ئەنفالچی لە دوای 2003 لە بەغدا نەما، بەڵام ئەوان کە نانی خەڵکی کوردستانیان بڕی، ھیچ جیاوازییەک لە حکوومەتی پێش 2003 نەما، ئەوان شەراکەتیان قەبوڵ نەکرد، ئێمەش خزمەتکاری قەبوڵ ناکەین"
بارزانی، جەختی لەوەش کردەوە کە ئێستا لە بەغدا بیدعەیەکی سیاسییان داھێناوە، بەناوی زۆرینەی سیاسی، ئەوان دژ بە ئیرادەمان دەوەستن، بەڵام ئێمە ئیرادەمان بەرامبەر بە ھیچ کەسێک ناشکێ.
باسنشوز
