بارزانی داوا لە کوردانی تاراوگە دەکات بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن

 بارزانی داوا لە کوردانی تاراوگە دەکات بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن
لە میانی کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی کوردستان کە ئێستا لە شاری (برۆکسیل)ی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوە دەچێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە کوردان کرد، بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن.

لە پەیامێکدا کە دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا خوێندییەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری ڕیفراندۆم، بڕیاری گەلی کوردستانە و بەهیچ شێوەیەک لەسەر گەلانی ناوچەکە هەڕەشە نییە.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە گەلی کوردستان چاوی لە خاکی کەس نییە و دەیەوێ بە ئاشتی و ئاسوودەیی بژی. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەتی هاووڵاتییان و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان دەبێ، بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی، برەو بە پێکەوەژیان دەدات و لەسەر بنەمای پێوەر و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دادەمەزرێت“.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا بارزانی داوای لە کوردانی بەشداربوو لە ئاهەنگەکە و کوردانی تاراوگە کردووە، بە (بەڵێ) دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن و ”بە (بەڵێ) پاڵپشتیی خوشک و براکانتان بن لە هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی“.












باسنيوز
Top