مامۆستایەكی زانكۆ: بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان لەڕووی نێودەوڵەتییەوە قورسایی زیاتر بە ڕیفراندۆم دەدات
د. سادق حەمەغەریب، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی سەلاحەین، ڕایگەیاند: "هەرچەندە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان پرسێكی چارەنووسسازە بۆ گەلی كورد و قوربانیی زۆری بۆ دراوە، بەڵام پێویستی بە ڕێڕەوی یاسای هەبوو، پەسەندكردنی پرسەكەش لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە هەموو حاڵەتێكدا گرنگییەكی زۆر هەیە".
ئەو مامۆستایە، گرنگییەكانی بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی پەرسی ڕیفراندۆم، ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت: "بەو بڕیارە زیاتر یەكڕیزی و كۆدەنگیی نێوان هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بەتایبەت ئەو لایەنانەی كە گلەیی و ڕەخنەیان لەسەر ئەوە هەبوو، پرسەكە یاسایی نییە".
باس لەوەش دەكات: "كە هەموو ئەو ڕێكارە یاساییانەی كە وڵاتان ئەنجامی دەدەن، بۆ پرسەكە كراوە، ئێستا پرسەكە بە یاسایی كراوە، بۆیە ئەوەش لەڕووی نێودەوڵەتییەوە وا لە وڵاتان دەكات كە قورستر و مەزنتر لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بڕوانن، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆییش بڕیارەكە كاریگەری و بەدەنگەوەچوونی باشتری دەبیت"..
د. سادق حەمەغەریب، پێی وایە: "ئەگەر لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا پرسی مووچە و باشكردنی دۆخی خەڵك باس بكرایە، گرنگییەكی زۆری بۆ پرسەكە دەبوو، چونكە پێویستە لەڕووی دەروونییەوە زەمینەسازی بۆ ڕیفراندۆم بكرێت".
ئێوارەی دوێنێ 15/9/2017 پەرلەمانی كوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی پەسەند كرد.
باسنیوز
