زێباری: بۆ دواخستنی ریفراندۆم گەرەنتیی نووسراوی ئەنجومەنی ئاسایشمان دەوێ

 زێباری: بۆ دواخستنی ریفراندۆم گەرەنتیی نووسراوی ئەنجومەنی ئاسایشمان دەوێ
ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم رایدەگەیەنێت، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان تەنیا بە گەرەنتیی نووسراو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ریفراندۆم دوا دەخات.



هۆشیار زێباری، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (حەدەس) رایگەیاندووە، کە کارکردن لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، کە ”لە کات و ساتی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت“، بەردەوامە.



هۆشیار زێباری هەروەها رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی داوە، کە ”چاودێری نێودەوڵەتی چاودێری دەکەن“ و هیچ کەس و لایەنێکیش ”جگە لە گەلی کوردستان“ ناتوانێ دوای بخات یان رەتی بکاتەوە.



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم ئاماژەی بە پێشێلکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لەلایەن حکوومەتی ئەو وڵاتە کردووە و رایگەیاندووە، بەرپرسانی بەغدا پرۆسەی هاوبەشی پێکهاتەکەنایان نەهێشت و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و عێراق رێککەوتن لەسەر ئەوەی عێراقێکی مەدەنی و فیدڕالی دروست بکرێتەوە، بەڵام ”کردیانە عێراقی مەرکەزی و تائیفی“.



هۆشیار زێباری باسی بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ لەسەرکار لادانی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک کردووە و رایگەیاندووە، پەرلەمانی عێراق ئەو مافەی نییە نەجمەدین کەریم لەسەر کارەکەی دوور بخاتەوە، ئەوە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە.



زێباری هەروەها رایگەیاندووە، ریفراندۆم لە کاتی خۆیدا دەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە کۆی دەنگی ئەندامەکانی و بە نووسراو گەرەنتی بداتە گەلی کوردستان کە لە ماوەیەکی دیاریکراو مافی سەربەخۆیی پێ دەدەن، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم تاوتوێی ئەو پێشنیازە دەکات.



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانە و سەربەخۆییش خەونی هەموو کوردستانییەکە بە کورد، تورکمان، عەرەب، ئێزدی، مەسیحی و هەموو پێکهاتەکانە.



هۆشیار زێباری رەتی کردووەتەوە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان گوشاری خستبێتە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و رایگەیاندووە، ئەنجومەنی ئەو شار و شارۆچکانە خۆیان داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان کردووە، کە دەستووری عێراق ئەو مافەی پێداون.



هەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.




باسنیوز
Top