سەركردەیەكی یەكیتی وەڵامی هەوڵەکانی مەکگۆرک بۆ جیاکردنەوەی هەولێر و سلێمانی دەداتەوە
حامدی حاجی غالی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاگەیاند: "بڕیارەكەی ڕۆژی هەینی 15/9/2017ی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ پاڵپشتی ڕای هەرێمی كوردستان كارێكی زۆر گرنگە".
لەسەر گوتەكانی مەكگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی كە بە شێوەیەكی جیاواز باسی لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر كردبوو، ئەو سەركردەیەی یەكێتی، دەڵێت: "كوردستان بە یەك پارچە دەزانین و جیاوازیش لە نێوان كوردستانیاندا نییە، ئەگەر بیانەوێت جیاكاریش دروست بكەن، ئەوا كارێكی خراپە، چونكە پرسی ڕیفراندۆم پەیوەندیی بە ناوچەگەرییەوە نییە، بەڵکوو پرسی هەموو گەلی كوردە".
ڕۆژی پێنجشەممە 14/9/2017 لە شاری دهۆك نوێنەری هاوپەیمانان و نوێنەری ئەمریكا بۆ شەڕی داعش لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پێدانی بەدیلێك بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
باسنیوز
