كوردستانیان له‌به‌رده‌م یوئێن، دژ به‌ داواكه‌ی مەکگۆرک ده‌وه‌ستنه‌وه‌

 	 كوردستانیان له‌به‌رده‌م یوئێن، دژ به‌ داواكه‌ی مەکگۆرک ده‌وه‌ستنه‌وه‌
ئێوارەی ئەمڕۆ هه‌ینی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەولێر گردبوونەوەیەک بەڕێوە دەبەن و، كه‌ ئامانج لێی، دژوه‌ستانه‌وه‌یه‌ به‌ داواكه‌ی (برێت مه‌كگورگ) و، داوای پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی دەکەن.

(سیروان گەردی) رێکخەری گردبوونەوەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئێمە وەک تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی، لەبەردەم ئوفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەولێر گردبوونەوەیەک لە دژی قسەکانی دوێنێی (برێت مەکگۆرک) نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوە دەبەین؛ ئەویش لەبەر ئەو ھەڵوێستەی ناوبراو کە داوای دواخستنی پڕۆسەی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کورستانی کردبوو، ئێمە داوای خەڵکی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی دەگەیەنینە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەرێمی کوردستان.''

(سیروان گەردی) ئاماژەی دا، ''دەیان رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری له‌ گردبوونەوەی ئەمڕۆدا دەکەن و پێمان وایە ریفڕاندۆم مافێکی یاسایی و سروشتیی خەڵکی کوردستانە، دوای ئەم ھەموو ساڵە خەبات و قوربانیدان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، پێویستە ئێمەش وەک گەلانی جیھان بگەین بە سەربەخۆییی خۆمان و ئیدی کۆتایی بەو ژێردەستەییه‌ بێنین کە عێراق چەندین ساڵە نابێتە وڵاتی پێکەوەژیان.''
kdp-
Top