یەكێتیی پەرلەمانتاران: بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، زۆر دوژمنكارانەیە و جێبەجێ ناكرێت

یەكێتیی پەرلەمانتاران: بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، زۆر دوژمنكارانەیە و جێبەجێ ناكرێت
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان دەڵێت، سەركۆنەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەتكردنەوەی پرۆسەی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە پێچەوانەی دەستوورە و ناكرێت ھیچ بڕیارێك بە بێ كورد سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان دەربچێت.

(نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ وەكو یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان سەركۆنەی بڕیاری پەرلەمانی عێراقمان كرد لەبارەی رەتكردنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، چونكە ئەو بڕیارە دژی تەوافووق و دەستوور و تاكلایەنانەیە، لەبەر ئەوەی نە كورد و نە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش ئاگادار نەبوون".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی، بەپێی دەستووری عێراق، ھەر بڕیارێك لەبارەی ھەرێمی كوردستانەوە بدرێت، لە پەرلەمانی عێراق ئازادن لەوەی وەری دەگرن یاخود نا، بۆیە لە پرسێكی وەكو ریفراندۆمدا ناكرێت پرس بە ھەرێمی كوردستان نەكرێت، لەبەر ئەوە ئەو بڕیارەیان لێ وەرناگیرێت.

سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان ده‌شڵێ، "بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستان زۆر دوژمنكارانەیە، چونكە باسی جووڵاندنی ھێز دەكەن و حكوومەت ئاگادار دەكەنەوە رۆڵی خۆیان ببینن.

زیاتر گوتی، "ئێمە وەكو یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان بە توندی سەركۆنەی ئەو بڕیارە دەكەین و بە ھیچ شێوەیەكیش جێبەجێ ناكرێت".
kdp-
Top