نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا پرسە ھەنووکەییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 14/9/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ فرانک بێکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبوویەوە، لە دیدارێکدا ھەردوولا تێڕوانینی خۆیان لەسەر دۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی ڕیفراندۆم خستە ڕوو.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا دوایین پێشھاتەکانی شەڕی دژی تیرۆرستان لە عێراق و ناوچەکەدا، قۆناغی دوای داعش و دۆخی ناوچە ڕزگارکراوەکانی عێراق لە دەستی تیرۆر، خرانە بەر باس و گفتوگۆ، ھاوکات گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ سەر زێدی خۆیان، دووپات کردەوە.
گفتوگۆکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو، لەمبارەوە ھەردوولا جەختیان لە پێویستی بەردەوامیی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، کردەوە.
باسنيوز
