سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ: ئەگەرێکی زۆرە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بکەین

 سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ: ئەگەرێکی زۆرە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بکەین
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای دەگەیەنێ کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆبوونەوەی سبەی ھەینیی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری دەکەن.

مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی نێوان لایەنەکان ئەنجام بدرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری دەکەین".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ، ئاماژەی بەوەش دا کە خوازیارن بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، ھاوشێوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و دەڵێت: "ئێستا بارودۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر ناسکە، ئەگەر لە کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/9/2017 بگەنە ڕێککەوتنێک، ئەوا ھیچ گومانێکی تێدا نییە، کە سبەی ئێمە و گۆڕانیش بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەین".

ئەوەشی روون کردەوە کە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی یەکێتی، پارتی، گۆڕان و کۆمەڵیش دایە، بۆیە ”پێویستە ئەو خاڵانەی یەکێتی پێشنیاری کردن، جێبەجێ بکرێن".










باسنیوز
Top