پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەکار لادانی پارێزگاری کەرکووکی پەسەند کرد
کەمێک لەمەوبەر، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشنیاری لەکار لادانی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووکی خستە دەنگدانەوە و بڕیارەکەش بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
لەمبارەیەوە ئیسلام حوسێن، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ”ئەمە وەکوو هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بڕیارەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق ڕەت دەکەینەوە و قەبووڵی ناکەین. هەر پێنج کوتلە کوردستانییەکە نەچووینە هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە. ئەو ڕێوشوێنانە بە نادەستووری لە قەڵەم دەدەین“.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەوان بڕیارەکە بە نایاسایی دەزانن و جەختی لەوە کردەوە کە دەبووایە پێش ئەو بابەتە ڕای فراکسیۆنە کوردستانییەکان وەربگرن.
باسنیوز
