فرسەت سۆفی: زیاتر لە 60 پەرلەمانتار داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانیان کردووە
فرسەت سۆفی لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (کوردستان 24) ڕای گەیاند: ”زیاتر لە 60 پەرلەمانتار داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانیان کردووە، جموجۆڵێکی زۆر دەستی پێ کردووە، هیوادەخوازین سەرجەم فراکسیۆنەکان سبەی لە پەرلەمانی کوردستان بن“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەدانیشتنەکەی پەرلەماندا بڕیار لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوول دەدرێ و دواتریش دانیشتنەکانی پەرلەمان بەردەوام دەبێ. گوتیشی: ”هیوادارم کۆبوونەوەی بەیانی بکەینە کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان“.
لەلایەن خۆشیەوە سالار مەحموود، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند، لە مادەی 20ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، دەبێ 48 کاتژمێر پێش کۆبوونەوە، بەرنامەی کاری پەرلەمان بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران، بۆیە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ ڕۆژی هەینی دواخراوە. گوتیشی: ”لێرەوە داوا لە سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان دەکەین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ بەشداری لە ڕیفراندۆم بکەن“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە بۆ سەربەخۆیی و دەبێ لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێ بدرێت.
باسنیوز
