ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: بەئامانجی سیاسی دەنگۆی دواخستنی ڕیفراندۆم بڵاو دەکرێتەوە

 ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: بەئامانجی سیاسی دەنگۆی دواخستنی ڕیفراندۆم بڵاو دەکرێتەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕای گەیاند، ڕیفراندۆم بەهیچ شێوەیەک دواناخرێت و ئەو دەنگۆیانەی لەمبارەیەوە بڵاو کراونەتەوە، ئامانجی سیاسییان لە پشتە.



سادق جەباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕاگەیاند: ”ڕیفراندۆم لە کات و ساتی خۆیدا لە ڕۆژی 25/9/2017 ئەنجام دەدرێت، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی دەکەن، ڕاست نین و ئامانج لەو دەنگۆیانە، سیاسین“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەو کەسانەی دەنگۆکان بڵاو دەکەنەوە، وادەزانن کە بەو دەنگۆیانە دەتوانن ڕیفراندۆم دوابخەن، بەڵام: ”تەنیا ھەفتەیەکمان لەبەردەمدا ماوە، ئەوەتا پەرلەمان کارا دەکرێتەوە و ئەو پرسە یەکلا بووەتەوە، بۆیە ڕیفراندۆم دواناخرێت و لە کات و ساتی خۆیدا دەکرێت".



ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ بەڕێوە دەچێت کە ئامانجەکە تێیدا ئەوەیە، هەوڵێکی دیکە بدرێت تاوەکوو ئەو دوو لایەنەش بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا بکەن.



باسنیوز
Top