گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکات

 گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکات
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پاشەکەوتی مووچە بەردەوامە و ئێستا حکوومەت هەوڵدەدات مانگانە مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵی (کوردستان 24)، باسی لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کرد و ڕای گەیاند: ”ئێستا هەوڵەکانی حکوومەت ئەوەیە کە بەباشترین شێوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەو ڕێژەیەی کە پاشەکەوت کراوە، دابین بکرێت، لە هەوڵەکانیشی بەردەوام بێت کە پێداچوونەوە بە ڕێژەی پاشەکەوتدا بکرێت، بە ڕێژەیەک دەستکاری بکەن کە خەڵکی بتوانن ژیانی خۆیان دابین بکەن“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سەرجەم داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە یەک جار بۆ کوردستان ناگەڕێتەوە و هەندێکجار دەبێت چەند ڕۆژێک لە چاوەڕوانیکردنی هاتنی داهاتی نەوت بمێننەوە. گوتیشی: ”40%ی مووچەخۆرانی کوردستان وەک پێشمەرگە و ئاسایش و ئەوانەی دیکە، 100٪ی مووچەکەیان وەردەگرن، بەڵام خانەنشین و هەندێک خەڵکی دیکە زۆرتر زەرەرمەند بوون، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتوو ئومێد بەخشە“.

لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە تاوەکوو ئێستا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی پلەی وەزیفی و ساڵانی خزمەت، بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی نێوان (15 بۆ 75٪) کەم کردووەتەوە و تاوەکوو ئێستاش ئەو پاشەکەوتە بەردەوامە.












باسنيوز
Top