موئەیەد تەیب: ''پێشمەرگە ھیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە''
(موئەیەد تەیب)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە پێی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ھیچ ھێزێکی عێراقی بۆی نییە بێتە ناوچە کوردستانییەکانی نێو خاکی ھەرێمی کوردستان، تا مۆڵەت لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەرنەگرێت، ئەمە بۆ سوپای فەرمیی عێراقە، جا چ جای ئەوەی کە حەشدی شەعبی بێتە ناوچە کوردستانییەکانی شنگال، ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال پێشێلکردنی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و ڕێککەوتنی ھاوپەیمانەتیی دژی داعشە لە نێوان عێراق و ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستاندا، لەبەر ئەوە پێویستە ئەمەریکا و عێراقیش بێنە سەر خەت و ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە ئێمە نیزیک دەبینەوە لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان و ھاتنی حەشدی شەعبی لەو کاتەدا بۆ ئێمە جێی پرسیارە.''
ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: ''ئێمە، وەک ھەرێمی کوردستان ھیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە، دەمەوێ ئەوەی دەگوترێت ڕاستی بکەمەوە، کە ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و سوپای فەرمیی عێراق ھەیە، نەک حەشدی شەعبی، ئەگەر ئەوان بە بەھانەی شەڕی داعش دێنە ناوچەکە، خۆ دیارە داعش لە کوێ دەستەڵاتی ماوە و دەتوانن بچنە ئەو ناوچانەی خاکی حکوومەتی عێراقە و داعش لەناو بەرن، نەک بێنە ناوچە کوردستانییەکانی شنگال.''
(موئەیەد تەیب) دەشڵێ: ''مەشغووڵکردنی ھێزێکی وەک پێشمەرگە بە حەشدی شەعبیەوە، کە سێ ساڵە شەڕی داعش دەکات مانای زۆر ھەڵدەگرێت و پێویستە ھەرێمی کوردستان بە وردی چاودێریی ڕەوشەکە بکات، کە بە ھیچ شێوەیەک قابیلی قەبووڵ نییە، حەشدی شەعبی بێتە سەر خاکی کوردستان و مەیدانی خەباتی ئەوان دیارە و، دیاریشە خاکی کوردستان لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت و ئەرکی بەرگریکردنی لە ئەستۆی ھێزەکانی ھەرێمی کوردستاندایە.'
kdp-
