بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە کارە دەستییەکانی پەروەردە پیشەییەکانی ھەولێر نیشان درا
ئەمڕۆ بەیانی لە پارکی شانەدەر، پێشانگەی کارە دەستییەکانی قوتابخانە پەروەردەییەکانی ناوەندی ھەولێر کە لە ۱۲قوتابخانە پێک دێت، کرایەوە و لەم پێشانگەیەدا چەندین کاری دەستی و سیرامیکی گەرم و سارد و دارتاشی و نووسین لەسەر تەختە و کانزا نیشانی ئامادەبووان درا.
"پشتیوان سادق" وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بەشداری پێشانگەی شێوەکاری و کارە دەتییەکانی کردبوو، باسی لەوە کرد کە، "گرینگیدان بە پەروەردەو قوتابخانە پیشەییەکان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دروستکردن و ڕاھێنان و گۆڕینی نەوەیەک لە بەکاربەرەوە بۆ بەرھەمھێنەر و ئێمە سیستەمی پیشەییمان ئامادە کردووە و ئیێستا لە ئەنجوومەنی شورایە و بەمەش دەتوانین ھەنگاوێکی گەورە بھاوێین لە خزمەتکردنی وڵاتەکەمان".
وەزیری پەروەردە سەرجەم بەشەکانی پێشانگەی لە نزیکەوە بەسەر کردەوە و لەگەڵ یەکە بە یەکەی مامۆستایانی پیشەیی و قوتابییەکان دوا و تابلۆ و کارە دەستییەکانی تەماشا کرد و ھیوای ئەوەی خواست کە ھەردەم قوتابیانی کورد ئەم دەستڕەنگینییەیان لەدەست نەدەن و بتوانن بە مێشکی کراوە، داھێنان لە حەز و خواستی ھونەری خۆیان بدەن بە تایبەت خوێندنی پیشەییەکان.
زۆرینەی کارە ھونەرییەکان گوزارشت بوون لە فۆلکلۆر و سروشتی کوردستان کە ھەر یەک لە بەشەکانی سیرامێکی سارد و گەرم و دارتاشی و گوڵ و نەخشاندنی تەختەی دەستی و کاری دەستی تێیدا بەشدار بوون.
payamner-
