"پەیەدە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستانی ڕادەستی ڕژێمی سووریا کرد"

ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەڵێ، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان (پەیەدە) و ڕژێمی سووریا چەند ناوچەیەک بە گەنجانی کورد پاک دەکەنەوە و دواتر ڕادەستی ڕژێمی ئەسەدی دەکەن.

بەپێی بەیاننامەیەکی ئەنجوومەنی سەربازیی (منبج)، سەر بە (هەسەدە)، هێزەکانی (هەسەدە) بۆ خۆپاراستن لە ئۆپەڕاسیۆنی قەڵغانی فورات، هەردوو گوندی (لۆرین) و (قارە)ی شارۆچکەی (عەریمە)یان لە ڕۆژئاوای (منبج) ڕادەستی ڕژێمی سووریا کردووەتەوە.

(خالید عەلی)، نوێنەری (ئەنەکەسە) لە باشووری کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''(پەیەدە) ئەو ناوچانە بە گەنجانی کورد پاک دەکاتەوە و دواتر بێباکانە ڕادەستی (بەشار ئەسەد) و حکوومەتی سوریایان دەکاتەوە. ئێستاش ڕادەستکردنەوەی گوندەکانی (لۆرین) و (قارە) دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە پێوەندیی ژێربەژێر و نهێنی لەنێوان (پەیەدە) و ڕژێمی سووریادا هەیە.''

نوێنەرەکەی (ئەنەکەسە) دەڵێ: ''ئەگەری ئەوە هەیە ناوچەی گەورەتری ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن (پەکەکە) و (پەیەدە)وە ڕادەستی حکوومەتی سووریا بکرێت.''
(خالید عەلی) دەشڵێ: ''رادەستکردنەوەکە بەپێی ڕێککەوتنی (هەسەدە) و ڕووسیا جێبەجێ کراوە، بۆ ئەوەی گوندەکان بکەونەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا.''

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و بەرپرسانی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەپێی بەڵگە بەردەوام دەیسەملێنن، کە (پەیەدە) لەگەڵ ڕژێمی (بەشار ئەسەد)، سەرۆکی سووریا پێوەندیی هەیە و بۆ نموونەش بەڕێوەبردنی شاری قامیشلۆی پایتەختی کانتۆنی جزیرە بە هاوبەشی لەنێوان (پەیەدە) و ڕژێمی سووریادا دەهێننەوە.
kdp-
Top