خوێندنی باڵا، زانکۆ و پەیمانگاکان بە داشکانی کرێی خوێندن پابەند دەکات

خوێندنی باڵا، زانکۆ و پەیمانگاکان بە داشکانی کرێی خوێندن پابەند دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵیش داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا ئەھلییەکان دەکات و گۆتەبێژی وەزارەت دەڵێ، ھەر زانکۆ و پەیمانگایەک پابەند نەبێت، لێپرسینەوەی لەگەل دەکرێت.

(عەباس ئەکرەم)، گۆتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زاستی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو بە ئامادەبوونی ھەموو دەزگا پێوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەک دەربارەی کرێی خوێندن بەڕێوەچوو و بڕیار درا داشکاندن بۆ کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە ئەھلیەکاندا بکرێت. واتە بۆ خوێندنی زانکۆ 15% و بۆ پەیمانگاکانیش 10% داشکاندن کرا، سەرەڕای ئەوە قیستی دانی پارەی خوێندنیش لە دوو قیستەوە کرا بە پێنج قیست و، ساڵی ڕابردوو ئەم بڕیارە جێبەجێ کرا.''

(عەباس ئەکرەم)، دەڵێ: ''بۆ ئەمساڵیش ھەمان بڕیار جێبەجێ دەکرێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا پێداچوونەوەی بۆ بڕیارەکە کردووە و ھەموو زانکۆ و پەیمانگاکان پابەند دەکرێن بەو بڕیارەی وەزارەت و، ھەر زانکۆ و پەیمانگایەکیش پابەندی داشکاندنی نرخی کرێی خوێندن نەبێت، ڕێوشوێنی یاساییی بۆ دەگیریتەبەر. بەڵام ھەندێ زانکۆ و پەیمانگا، زیاتر لەو نرخەشیان داشکاندووە.''
kdp-
Top