هەسەدە ناوچەیەکی فراوان رادەستی رژێمی سووریا دەکاتەوە
بەپێی بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی سەربازیی منبجی سەر بە هەسەدە، هێزەکانی هەسەدە بۆ خۆپاراستن لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، هەردوو گوندی لۆرین و قارەی شارۆچکەی عەریمە لە رۆژئاوای منبجیان رادەستی رژێمی سووریا کردووەتەوە.
رادەستکردنەوەکە بە رێککەوتنی هەسەدە و رووسیا ئەنجام دراوە، تاوەکو گوندەکان بکەونەوە ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا.
یەپەگە، کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، باڵی چەکداریی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)یە، کە ئەویش باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە کوردستانی رۆژئاوا.
ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و بەرپرسانی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەردەوام پەیەدە بە بوونی پەیوەندیی بە رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا تۆمەتبار دەکەن و نموونەش بە بەڕێوەبردنی شاری قامیشلۆی پایتەختی کانتۆنی جزیرە بە هاوبەشی لە نێوان پەیەدە و رژێمی سووریا دەهێننەوە.
لە کۆتایی مانگی 8ـی 2016، سوپای تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان لە باکووری سووریا بە ناوی (قەڵغانی فورات) دەست پێکرد، بە ئامانجی ”پاککردنەوەی باکووری سووریا“ لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و داعش.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز
