هۆشداری لە دۆخی مووسڵ دوای دەرکردنی داعش دەدرێت
عەبدولخالق باپیر، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە دهۆک و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، ڕایگەیاند: "گرنگە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بە زوویی ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە، چونکە ئەگەر سەربەخۆییش ڕاگەیەنرا، ئەوا مووسڵ بۆ کورد زۆر گرنگ دەبێت، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنییەوە”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “دەبێت لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی بەرێوەبردنی مووسڵ ڕێککەوتنێکی خێرا بکرێت، ئەگەر ڕێککەوتن نەبێت، دوای داعش دۆخی شارەکە خراپ تێکدەچێت". گوتیشی: "دانوستان لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا کراوە، بەڵام هێشتا نەبووەتە رێککەوتن".
ئەمە لە کاتێک دایە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (لومۆند)ی فەڕەنسی، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە: "لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ بەغدا، گفتوگۆ دەکەین بۆ دامەزراندنی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە، بە شێوەیەک کە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنێک بکات. پێش هاتنی داعش 300 هەزار کورد لە مووسڵ دەژیا و کوردەکان زۆرینەن لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنێکی مەبدەئیمان دەربارەی مووسڵی پاش داعش هەیە و تا ئێستا نوێنەری کورد لەو پاریزگایەدا هەیە”.
باسنیوز
