نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی ڕووسیا لە عێراق کۆبوونەوە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە "ماکسیم ماگسیمۆڤ" باڵیۆزی نوێی ڕووسیا لە عێراق و "ڤەلەریان شۆڤایەڤ" جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و شاندێکی کۆمپانیای گاز پرۆم کرد.
لە دیدارێکدا ماکسیم ماگسیمۆڤ خۆشحاڵی بە یەکەم سەردانی خۆی و ئەو پێشکەوتنانەی لەم بارودۆخە سەختەدا ھەرێمی کوردستان بەخۆیەوە دەبینێت، دەربڕی. ئامادەیی خۆیشی بۆ گرینگیدان بە پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕووسیا و سەردانی شاندی ھەردوولا لە ھەموو ئاستەکاندا نیشان دا و بۆ ئەم مەبەستەش لەم نزیکانەدا سەردانێکی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
دووپاتیشی کردەوە کە ڕووسیا لە لایەنی ئابوورییەوە بایەخێکی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات بۆیە ھانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان بەگشتی و کۆمپانیای گاز پرۆم بەتایبەتی دەدەن لە بواری وزەدا سەرمایەگوزاری لە ھەرێمی کوردستان بکەن چونکە لەم بوارەدا دەرفەتی باشی کارکردن لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێز باڵیۆزی نوێی ڕووسیا لە عێراق لە کار و چالاکییەکانیدا خواست و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕووسیای دووپات کردەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پاڵپشتی کەرتی تایبەتی وڵاتانی دۆستە بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن. جەختی لەوەش کردەوە بەو ھەنگاوانەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازیدا ناویەتی، دۆخەکە بەرەو باشبوون دەڕوات و ئەوکات کۆمپانیا ڕووسییەکان لە ھەموو بوارەکاندا دەتوانن سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
سەبارەت بە کۆمپانیای گاز پرۆم، ئاماژەی بەوە دا کە گاز پرۆم نەک تەنیا کۆمپانیایەکی ڕووسی، بەڵکو کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییە و دەستخۆشی لێکردن کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرمایەگوزارییان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لە داھاتووشدا بە ھەمان شێوە حکوومەتی ھەرێم پاڵپشتیان دەبێت بۆ فراواکردنی کارەکانیان.
تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەست بە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
payamneer-
