ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: بەغدا نەیتوانیوە ئەمنیەتی ناوچە ئازادکراوەکان بپاریزێت

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: بەغدا نەیتوانیوە ئەمنیەتی ناوچە ئازادکراوەکان بپاریزێت
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی ئاماژە بەوە دەکات، سەرەرای ئەوەی چوار مانگ بەسەر ئازادکردنی لای چەپی شاری مووسڵدا تێپەڕیوە، تا ئێستا ناوچە ئازادکراوەکان بەدەست بێ ئاسایشی و خزمەگۆزاریدا دەناڵێنن، ئەمەش بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

لەم بارەیەوە (بەشار کیکی) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕایگەیاندووە، ئاساییە ئاوارەکان ئەوانەی ئێستا لە کەمپەکاندان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و مڵکی خۆیان، بەڵام کاری سەرەکی ئەوەیە پێویستە ئەمنیەتی ئەو ناوچانە پارێزراو بێت، بۆیە نەگەڕانەوەی ئاوارەکان زیاتر پەیوەندی بە کاروباری ئەمنیەوە هەیە هەروەها کاروباری خزمەگوزاری.

(کیکی) ئاماژە بەوەش دەکات کە جێگیریی باری ئەمنی پەیوەستە بە ڕێکخستن و بەهێزکردنی پۆلیسی ناوخۆ و ڕێکخستنەوەی بابەتی حەشدەکان و پیشکەشکردنی خزمەگۆزارییەکانەوە. ناوبراو دەڵێت، لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی نەینەوادا لە 9 شوبات لە بەغدا تەواوی داواکاریەکانمان خستەڕوو بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، تا ئیستا وەزارەتی شارەوانی حکومەتی بەغدا هیچ شتیکی دابین نەکردووە بۆ ئەو مەبەستە.

جێگای ئاماژە پێدانە سەرەڕای ئازادکردنی لای چەپی مووسڵ لەدەست داعش، بەڵام تا ئێستا خەڵکی ئەو ناوچانە لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدان و نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، چاودێران پێیان وایە ئەو نەگەڕانەوەیە زیاتر پەیوەندی بە نەبوونی گەرەنتی ئەمنی و نەبوونی خزمەگوزارییەکانەوە هەیە
kdp-
Top