باكوری‌ كوردستان؛ داوای 20ساڵ زیندانی بۆ له‌یلازانا ده‌كرێت

باكوری‌ كوردستان؛ داوای 20ساڵ زیندانی بۆ له‌یلازانا ده‌كرێت
سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی ئامه‌د له‌چوارچێوه‌ی لێپرسینه‌وه‌كانیدا دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردن و ئازادكردنی به‌مه‌رج، داوای 20ساڵ زیندانی بۆله‌یلا زانا په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی شاری ئاگری ده‌كات.

به‌پێی ئاژانسی دۆغانی توركی، داواكاری گشتی ئامه‌د دۆسیه‌یه‌كی‌ 156لاپه‌ڕه‌یی‌ له‌سه‌ر له‌یلازانا ئاماده‌كردووه‌و له‌لایه‌ن دادگای ئاگری-یه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ .

تۆمه‌ته‌كانی‌ له‌یلازانا به‌پێی دۆسیه‌كه‌ بریتین له‌بانگه‌شه‌و ئه‌ندامێتی‌ په‌كه‌كه‌و به‌شداریكردنی له‌ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز وهه‌روه‌ها ئاهه‌نگی هه‌شتی‌ مارس له‌ساڵی2012 و به‌رزكردنه‌وه‌ی نیشانه‌ی "سه‌ركه‌وتن" و به‌شداریكردن له‌ مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌.

لەماوەی‌ نزیكەی‌ 17مانگی‌ رابردوودا تا مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌م ی‌ ڕابردوو لەتوركیا، هەشت هەزار و 432 ئەندامی‌ هەدەپە و دەبەپە لەسەر دۆسیەی‌ كەجەكەو پەكەكە دەستبەسەر و دەستگیركراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 360 كەسیان، هاوسەرۆكانی گشتی هەدەپەو پەرلەمانتاران‌و هاوسەرۆكی شارو ناوچەو شارۆچكەكانن.

دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ پڕۆسەی‌ ئاشتی‌ و دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ لەنێوان پەكەكەو توركیا لە هاوینی‌ ساڵی‌ 2015، توركیا دەستیكردەوە بە ئۆپەراسیۆنی‌ دەستگیركردنی‌ ئەو كەسانە لەسەر دۆسیەی‌ كەجەكە.

بەپێی دۆسیەی‌ كەجەكە لە لایەن دادگای ئەنقەرەوە لە نیسانی 2009 ئامادەكراوە "كەجەكە باڵی سیاسی پەكەكەیە لە توركیا و باكوری كوردستان و ئەو كەسانەی‌ كە بڕیار لە پەكەكە وەردەگرن و پروپاگەندە بۆ پەكەكە دەكەن و بە زۆرەملێ هاوكاری دارایی لە بازرگانان و سەرمایەدارانی توركیا بو پەكەكە كۆدەكەنەوە دەبێت دەستگیربكرێن".

دوای ئەو بڕیارەی دادگای توركیا، پارتی كومەڵگای دیموكرات (دەتەپە) داخرا و ناوەكەی گۆڕا بۆ پارتی ئاشتی و دیموكراتی، لە 15 تشرینی یەكەمی ساڵی 2012 هەدەپە دامەزرا كە لە پێنج حیزبی سوشیال چەپی پێكهاتووەو بەدەپەش یەكێك بوو لەو حیزبانە.

دوای‌ ئەوە هەموو رێكخراوەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی‌ مەدەنی نزیك لە پەكەكە دەستیان كرد بە هەڵمەتی "ئێمە هەمومان كەجەكەین " و بە هەزاران سیاسەتمەدار و رۆژنامەنوس و چالاكوانی كۆمەڵگەی‌ مەدەنی لە ئۆپەراسیۆنێكدا دەستگیركران و لە ساڵی 2013 و لە كاتی دەستپێكردنی پرۆسەی چارەسەری لە نێوان حكومەت و ئۆجەلاند ئۆپەراسیۆنەكەد‌ا كۆتایی هات.
xandan -
Top