کوێستان محەمەد: بەهۆی باڵەکانی ناو یەکێتییەوە ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئەو حزبە سست بووە

 کوێستان محەمەد: بەهۆی باڵەکانی ناو یەکێتییەوە ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئەو حزبە سست بووە
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، باس لە ساردبوونەوەی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان حزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و دەڵێت: "بزووتنەوەی گۆڕان ھۆکاری ساردبوونەوەی ئەو ڕێککەوتنە نییە کە لەگەڵ یەکێتی واژۆی کردووە، بەڵکوو بەھۆی باڵ و ئاراستە جیاوازەکانی ناو یەکێتی ئەو ڕێککەوتنە ساردبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە”.

کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ماوەیەکی زۆر ڕێککەوتنی سیاسیی گۆڕان و یەکێتی ساردی پێوە دیار بوو، ھۆکارەکەشی پەیوەندیی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە ھەبووە، چونکە ھەردوو باڵەکەی یەکێتـی، نەیاندەتوانی بەشداریی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بکەن".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئێستا، گەرموگوڕییەک کەوتووەتە نێوان ڕێککەوتنامەی سیاسیی نێوانیان و ڕێککەوتنی پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێیەتی، گوتیشی: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ھاوبەش کراوە بۆ کاراکردنەوەی ھەردوو ڕێککەوتننامەکە، بێگومان سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ دووبارە کۆبوونەوە دەکرێتەوە بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی سیاسیی گۆڕان و یەکێتی".

جەختی لەوەش کردەوە: "بزووتنەوەی گۆڕان بە ھیچ شێوەیەک ھۆکاری سستیی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە نەبووە، بەڵکوو ئێمە ھەمیشە پەرۆشی ئەوەین ڕێککەوتننامەکە بە شێوەیەکی باش بچێتە پێشەوە و تەواوی خاڵەکانی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئێمە ڕێککەوتنمان بۆ ئەوە کردووە کە ئەو خاڵە بە ھەند وەربگیرێت".

دەربارەی ئەوەی کە ئایا ڕێککەوتنی سیاسیی گۆڕان و یەکێتی، بۆ یەکگرتنەوەی ئەو دوو حزبە هەنگاو دەنێت؟ کوێستان محەمەد، گوتی: "بە بۆچوونی من، ڕێککەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتی سەر ناکێشێت بۆ یەکگرتنی ئەم دوو حیزبە، چونکە ئەمە ڕێککەوتنێکی سیاسییە و تەنھا بۆ ئەوە ڕێککەوتن کراوە یەکێتی و گۆڕان لەژێر چەترێکدا کاری ھاوبەش بکەن، یاخود بە لیستێکی ھاوبەش لە پەڕلەماندا بەشداری بکەن، نەوەکوو یەکێتی و گۆڕان ببنەوە بە یەک حیزب، بۆیە یەکێتی و گۆڕان نابنەوە بە یەک حیزب، بێگومان ئەو دەنگۆیانە تەنھا قسەیە و ھیچی دیکە.











باسنیوز
Top