پەروەردەی سلێمانی: ڕۆژانی تاقیكردنەوە هیچ پشوویەك نایگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە ئاگادارییەكدا كە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەی قەزاكان و قوتابخانە و خوێندنگاكانی كردووە ڕای دەگەیەنێت "ئاگاداری سەرجەم پەروەردەی قەزاكان و قوتابخانە و خوێندنگاكان دەكەین كە تەنها 5/3/2017 پشووی فەرمییە و ڕۆژانی تاقیكردنەوەكان لە 9 ـ 19/3/2017 هیچ پشوویەك نایگرێتەوە و تاقیكردنەوەكان بە شێوەی ئاسایی خۆی بەردەوام دەبێت."
بەپێی زانیارییەكان ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو 5/3/2017 بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمی دەبێت.
ڕۆژی 5/3/1991 ڕاپەڕینی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەدژی حكوومەتی بەعس لە شاری ڕانیە دەستی پێ كرد و دواتر هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، دوای دروستبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، ساڵانە ئەم ڕۆژە وەك پشوو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دیاری كرا.
باسنیوز
