پەیەدە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ دەستگیرکردنی خەڵکی لە کۆبانێ دەست پێ دەکات
سەعید عومەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پەدە ئاشکرا کرد: “پەیەدە لە کۆبانێ دەستی کردووە بە ڕاپێچ کردنی گەنجان و منداڵ و مێرمنداڵان بۆ بەرەکانی جەنگ و سەربازیکردنی ناچاری، بە جۆرێک ئێستا گرووپێکیان داناوە کە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە، گەنجان دەگرن و بەزۆر بۆ سەربازگەکانی یەپەگە دەیانگوازنەوە، لەوێش چەند ڕۆژێک مەشقیان پێ دەکەن، دواتر دەیاننێرنە بەرەکانی جەنگ”.
ئەو سەرکردەیەی پەدەکەسە جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا پەیەدە ئەم سیاسەتە لەسەر خەڵکی کۆبانێ تاقی دەکاتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، “پەیەدە گەنجێکی زۆریان گرتووە و ڕاپێچی سەربازگەیکانیان کردوون بۆ سەربازیکردنی ناچاری".
سەعید عومەر لە لێدوانەکەیدا نەیشاردەوە کە تا ئێستا، 400 کەس لە گەنجانی کۆبانی، بە ناچاری بۆ سەربازگە زۆرەملێکان گواستراونەتەوە، بۆیە بە پێویستی زانی، ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لەم پێشێلکارییەی پەیەدە بێدەنگ نەدەبێت. گوتیشی: “داوا لە پەیەدە دەکەین، ئەوەندە گوشار لەسەر خەڵک نەکات و دەست لە سیاسەتی زۆرە ملێ هەڵبگرێت، چونکە بەشێکی زۆری گەنجەکان قۆڵبەستن کراون و بۆ سەربازی زۆرەملێ گواستراونەتەوە".
باسنیوز
