سەلیم جبووری هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ یەکێتی و مالیکی پێک دەهێنن

 سەلیم جبووری هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ یەکێتی و مالیکی پێک دەهێنن
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێوان دوو لایەنی عێراقی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست دەکرێت کە “دژی سەربەخۆیی کوردستان کار دەکەن.



ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “سەلیم جبووری، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان کە هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، دەیەوێت خۆی لە حزبی ئیسلامیی عێراقی جیا بکاتەوە و ئێستا بە کرداری جیابووەتەوە”. گوتیشی: “حزبێکی دیکەی پێکهێناوە، هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کردووە”.



پەرلەمانتارەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ماوەیەکی زۆرە کۆبوونەوەی نهێنی دەکەن و “ئەندامانی یەکێتیش ناوەناوە بەشداریی کۆبوونەوەکانیان دەبن، ئامانجیان ئەوەیە کە لیستێک دروست بکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، کە بەداخەوە تێ ناگەین لە یەکێتی، وابیستوومانە کە لە کۆبوونەوەی دوای خۆیاندا سەربەخۆیی کوردستانیان بە ئامانج گرتووە، بەڵام نازانین بۆ ئەوەیان کردووە؟”. هاوکات دەپرسێت چۆن دەتوانن لەگەڵ حزبێک هاوپەیمانی ببەستن کە قووتی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە؟.



لە کۆتایی قسەکانیدا ئیسلام حوسێن جەختی لەوە کردەوە: “سەلیم جبووری حزبێکی سیاسی دروست کردووە و هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی و مالیکیدا دەکات".






باسنيوز
Top