گۆڕان داوای دەستکاریکردنی نەخشەڕێگاکەی یەکێتی دەکات
بەپێی زانیارییەکان ، گۆڕان لە هەندێک لە خاڵەکانی نەخشەڕێگاکەی یەکێتی ناڕازییە و پێی وایە کە دەبێت گۆڕانکاری تێدابکرێت، چونکە ئەوان پێیان وایە کە دەبێت بەهاوبەشی لەگەڵ یەکێتی، ئەو نەخشەڕێگایە لەگەڵ پارتی بخەنەڕوو.
لەمبارەیەوە محەمەد چاوجوان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: “لەوە دەچێت بزووتنەوەی گۆڕان تێبینی و بۆچوونی جیاوازیان هەبێت لەسەر نەخشەڕێگاکە”.
بە گوتەی سەرکردەکەی یەکێتی، حزبەکەی و گۆڕان لە یەک سنوور و لەیەک ناوچە هەن و مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە، بۆیە: “ئاساییە ئەگەر ئێمە تێبینیشمان لەسەر بابەتێک هەبێت، یان ئەوان هەیان بێت، دواجار هەموویان بۆ سوود گەیاندنە بە پرۆسەکە”. دووپاتیشی کردەوە: "یەکێتی لەناوخۆی خۆیدا دەبێت ئەو نەخشە رێگایە تاوتوێ بکات دواتر دەنگی لەسەر بدات".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیار دراوە، بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە، گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێکی دیکەی نەخشەڕێگاکە بکرێت.
باسنیوز
