گۆڕان داوای دەستکاریکردنی نەخشەڕێگاکەی یەکێتی دەکات

 گۆڕان داوای دەستکاریکردنی نەخشەڕێگاکەی یەکێتی دەکات
بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، نەخشەڕێگەکەی دەستکاری بکات، یەکێتیش دان بەوەدا دەنێت کە گۆڕان تێبینی لەسەر نەخشەڕێگەکەی هەیە.



بەپێی زانیارییەکان ، گۆڕان لە هەندێک لە خاڵەکانی نەخشەڕێگاکەی یەکێتی ناڕازییە و پێی وایە کە دەبێت گۆڕانکاری تێدابکرێت، چونکە ئەوان پێیان وایە کە دەبێت بەهاوبەشی لەگەڵ یەکێتی، ئەو نەخشەڕێگایە لەگەڵ پارتی بخەنەڕوو.

لەمبارەیەوە محەمەد چاوجوان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: “لەوە دەچێت بزووتنەوەی گۆڕان تێبینی و بۆچوونی جیاوازیان هەبێت لەسەر نەخشەڕێگاکە”.

بە گوتەی سەرکردەکەی یەکێتی، حزبەکەی و گۆڕان لە یەک سنوور و لەیەک ناوچە هەن و مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە، بۆیە: “ئاساییە ئەگەر ئێمە تێبینیشمان لەسەر بابەتێک هەبێت، یان ئەوان هەیان بێت، دواجار هەموویان بۆ سوود گەیاندنە بە پرۆسەکە”. دووپاتیشی کردەوە: "یەکێتی لەناوخۆی خۆیدا دەبێت ئەو نەخشە رێگایە تاوتوێ بکات دواتر دەنگی لەسەر بدات".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیار دراوە، بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە، گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێکی دیکەی نەخشەڕێگاکە بکرێت.







باسنیوز
Top