سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و کۆمپانیای گازپڕۆم دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و کۆمپانیای گازپڕۆم دەكات
ڕۆژی چوارشەممە ١ـی ٣ـی ٢٠١٧ لە سەلاحەدین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی كرد کە پێکهاتبوو لە ماکسیم ماکسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، ڤالێریان شوڤایڤ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڤیکتۆر سیماکۆڤ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و شاندێکی باڵای کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی.
لە دیدارەكەدا کە بەڕێزان دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان پێداگریی وڵاتەكەیان لەسەر هاوسۆزی و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات کردەوە و ئامادەیی ڕووسیایان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەهەموو بوارەکاندا، خستەڕوو. شاندەکە ستاییشی سەرکەوتن و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا و سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئاستی بەرزی هاوکارییان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەغدا و کونسوڵگەریی ڕووسیا لەهەولێر و کۆمپانیای گازپڕۆم لە کوردستان.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارە شاندی باڵای كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی، پلان و كار و چالاكییەكانیان لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆک بارزانی ڕوون کردەوە و جەختیان لە بەردەوامیدان و پەرەپێدانی کارەکانیان کردەوە.
لەدیدارەکەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ڕووسیا، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا پێشان دا و داواشی کرد لەو پەرەپێدانەدا، بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت. هەروەها سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە کۆمپانیای گازپڕۆم کرد بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی چالاکییەکانیان لە کوردستان.
باسکردنی ڕەوشی ناوچەكە و شەڕی تیرۆریستان و پێشڕەوەییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
Top