لە كاتی گۆڕانكارییەكاندا پێگەی جەماوەریی ئەنەكەسە لەبەرچاو دەگیرێ
جەواد سیامەند چاودێری رەوشی سیاسیی سوریا ئاماژەی بەوەدا كە لەمەودوا هیچ پڕۆژەیەك لە رۆژئاوای كوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی جەماوەریی ئەنەكەسە، بەڕێوە ناچێت.
سیامەند لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتوویەتی "ئەو هێزانەی لە رۆژئاوای كوردستان دەستیان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد و ئەجێندای دەرەکی تێكەڵ كردووە و دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، كۆتایی یارییەكە نییە، بەڵكو كاتی زۆر ماوە بۆ ئەو هێزانەی جەماوەریان هەیە و وەك پێویست لە رۆژئاوای كوردستان دەرنەكەوتوون، ئەویش بەهۆی لەبەرچاوگرتنی رەوشی سوریا، یەكێك لەو هێزانەش پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا "ئەنەكەسە"یە و لایەنەكانی نێو ئەنجوومەنی كوردین، كە هێزی زۆریان هەیە و پێگەی جەماوەرییان لە هێزەكانی دیكە زیاترە، لە داهاتووی ناوچە كوردستانییەكانی رۆژئاوادا هیچ پڕۆژەیەك دەرباز نابێ ئەگەر بەڵێی زۆرینەی خەڵكی لەسەر نەبێ، راستە هێزی دیكە هەن بە تایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە بوونیان لەسەر گۆڕەپانی سوریا دیارە، بەڵام لە ڕووی جەماوەرییەوە ئەگەر نیوە زیاتر نەبێت كەمتر نییە ئەو خەڵكەی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردیدایە".
ئەو چاودێرەی كاروباری سوریا ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە لە پاشەڕۆژی رۆژئاوای كوردستاندا ئەو هێزانەی دەرفەتی كاریان پێ نەدراوە، رۆڵی خۆیان بگێڕن و لەو باوەڕەدام لەو گۆڕانكارییانەی بەڕێوەن، ئەو هێزانە دێنە گۆڕەپانی خەبات و رۆڵی راستەقینەی خۆیان دەبینن".
لەبارەی گۆڕانكارییەكانی داهاتوو و پاشەڕۆژی هێزە كوردییەكانیشەوە دەڵێ "دوای نەمانی شەڕی داعش ئەو هێزانەی لە رۆژئاوای كوردستان هێزیان هەیە، پێشبینی دەكرێت دوابڕیار لای ئەوان نەمێنێ، چونكە بەهۆی شەڕی داعشەوە خەڵكێك چەك و تەقەمەنی لە رژێمی سوریا وەردەگرت و لایەنیش هەبووە چەكی نەبووە بۆ شەڕكردن، دوای نەمانی داعش و لاوازبوونی هێزە لابەلایەكانی وەك بەرەی نوسرە و هەموو ئەو هێزانەی لەلایەن وڵاتانی دیكەوە خزێندراونەتە نێو سوریا و ئەوانەیشی دەزگەی هەواڵگری دروستی كردوون، رۆڵیان كەم دەبێتەوە، ئەوكات ئەنەكەسە دێتە مەیدانەكە و ئەمەریكاش وڵاتێكی ئەوەندە بێ ئاگا نییە تا نەزانێ ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد جەماوەری بەرچاوی خۆی هەیە".
bas news -
