ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕێز لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەنێت

 ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕێز لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەنێت
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە سەرۆکایەتیی بەرپرسی ئەنجومەنەکە، سەردانی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد و رێزیان لە کارە خێرخوازییەکان، گرت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨/٢/٢٠١٧ بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لە موسا ئەحمەد، وەک سەرۆکی نوێی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێزلێنان لە پاڵپشتی و ھاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەشار کیکی و نورەدین قەبلان، بەرپرس و جێگری ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا و شاندی یاوەریان سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد.

بەشدار کیکی بەرپرسی ئەنجومەنی نەینەوا، لە سەردانەکەیایدا ئاماژەی بە ھەوڵ و ماندووبوونەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیان کرد و ڕایگەیاند: ''بەناوی خەڵکی نەینەواوە دەست خۆشی لە ھەوڵ و ماندوبوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەکەم و ھەڵوێستی مرۆڤایەتی دەزگا، جێگای ڕێزە، ئەو کارانەی دەزگاکەتان کردویەتی، بوەتە ھۆکارێک کە پێوەندی کۆمەڵایەتی نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکە باشتر ببێت''.

لە درێژەی قسەکانیاندا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، پیرۆزباییان لە موسا ئەحمەد، کرد کە ئەرکی سەرۆکایەتی پێسپێردراوە.

لای خۆیەوە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای پێشوازییەکی گەرمی لە شاندی میوان، جەختی کردەوە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام دەبێت لە ھاوکارییەکانی بۆ ئاوارەکانی نەینەوا و ئەو کەسانەی کە ھێشتا لە پارێزگاکەدا ماونەتەوە و ڕایگەیاند: ''پێمان خۆش نییە کارەکانمان وەکو ھاوکاری سەیر بکرێن، چونکە ئەوە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە بە ھانای کەسانی لێقەوماوەوە بچین، ھەرچی لە دەستمان بێت درێغی لێ ناکەین''.

لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی موڵکی خەڵکە، ئێمە وەکو نەتەوەی کورد باش لە ژیانی ئاوارەیی تێدەگەین، ھەر بۆیە بەگرنگییەوە لە ژیان ئاوارە و پەنابەران دەڕوانین.

موسا ئەحمەد بۆ شاندی میوان، ئەوەشی خستەڕوو: ''ھاوکارییەکانمان بۆ ھەموو ناوچەکان و ھەموو دین و نەتەوە جیاوازەکانە، ھەوڵ دەدەین بەردەوام ھاوکاری بگەیەنینە شار و نەتەوە جیاوازەکان، بە تایبەتی پارێزگای نەینەوا، لەبەر ئەوەی لەڕووی ماددی و مەعنەوەی و گیانییەوە ئەو پارێزگایە خەسارێکی گەورەی داوە، ھەروەھا بە گەیاندنی یارمەتی زیاتر بۆ ناو سەنتەری پارێزگاکە دەتوانین ڕێگر بین لە ئاوارەبوونی کەسانێکی زۆرتر و بتوانین ھەلی دووبارە ژیانەوە لەو ناوچانەدا دروست بکەینەوە''.










باسنيوز
Top